سه‌پارمورات ئاتایاڤیچ نیازۆڤ، سه‌رۆك و دیكتاتۆری‌ توركمانستان



سه‌پارمورات ئاتایاڤیچ نیازۆڤ، سه‌رۆك و دیكتاتۆری‌ توركمانستان، یه‌كێك بوو له‌ دیكتاتۆره‌ سه‌رسه‌خته‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو.سه‌پارمورات نیازۆڤ، به‌ ئاگرو ئاسن ماوه‌ی‌ 21 ساڵ حوكمی‌ وڵاتی‌ ده‌كرد تا وایلێهات نازناوی‌ (حاكمی‌ پۆڵاینی‌)ی‌ لێنرا.سه‌پارمورات له‌ 19ی‌ شوباتی‌ 1940 له‌ گوندی‌ (كیپجاك) له‌ خۆراوای‌ (ئه‌شقاباد)ی‌ پایته‌ختی‌ توركمانستان له‌ دایك بوو.باوكی‌ له‌ جه‌نگی‌ جیهانی‌ یه‌كه‌مدا كوژرا و ئه‌ندامانی‌ دیكه‌ی‌ خێزانه‌كه‌ی‌ له‌ بومه‌رزه‌ به‌هێزه‌كه‌ی‌ كه‌ (ئه‌شقباد)ی‌ له‌ ساڵی‌ 1948 وێرانكرد، مردن. هه‌ربۆیه‌  سه‌پارمورات له‌ هه‌تیوخانه‌یه‌كی‌ سۆڤێتی‌ به‌خێوكرا تا ئه‌وكاته‌ی‌ خزمێكی‌ دوری گرتیه‌ خۆی‌. دوای‌ ته‌واوكردنی‌ قۆناغه‌كانی‌ قوتابخانه‌ له‌ساڵی‌ 1959 چوه‌ په‌یمانگای‌ ته‌كنیكی‌ لینینگراد و دوای‌ ته‌واوكردنی‌ خوێندن رووی‌ له‌ روسیاكرد ، به‌ڵام نه‌یتوانی‌ زانكۆ ته‌واو بكات.
له‌ساڵی‌ 1962 ده‌ستی‌ كرد به‌كاری‌ سیاسی‌ و چوه‌ ریزی‌ پارتی‌ كۆمۆنیسته‌وه‌. سه‌پارمورات هه‌رزو له‌ ناو حیزبدا پله‌ی‌ به‌رزبۆوه‌ تا وای‌ لێهات له‌ ساڵی‌ 1985دا بوو به‌ سكرتێری‌ یه‌كه‌می‌ پارتی‌ كۆمۆنیستی‌ كۆماری‌ توركمانستانی‌ سۆڤێتی‌ سۆشیالیستی‌ كه‌ ئه‌وكاته‌ توركمانستان یه‌كێك بوو له‌ كۆماره‌ سۆشیالیسته‌كانی‌ سۆڤێت. له‌سایه‌ی‌ سه‌پارمورات نیازۆڤدا پارتی‌ كۆمۆنیستی‌ توركمانستان یه‌كێك بوو له‌ توندره‌وترین رێكخراو له‌ یه‌كێتی‌ سۆڤێت كه‌ هیچ ریفۆرمێكی‌ تیادا ئه‌نجام نه‌درا. له‌ ساڵی‌ 1990دا سه‌پارموراد بوو به‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ كۆماری‌ توركمانستانی‌ سۆڤێتی‌ سۆشیالیستی‌ كه‌ باڵاترین ده‌زگای ته‌شریعی‌ بوو له‌ كۆماره‌كه‌دا و ئه‌و پۆسته‌ش هاوتای‌ سه‌رۆكی‌ وولاَت بوو.
دوای‌ هه‌ره‌سی‌ یه‌كێتی‌ سۆڤێت و سه‌ربه‌خۆبوونی‌ توكمانستان له‌ ساڵی‌ 1991دا سه‌پارموراد به‌ سه‌رۆكی‌ وڵات هه‌ڵبژێردرا كه‌ خۆی‌ تاكه‌ كاندیدبوو بۆ ئه‌و پۆسته‌. پاشان نازناوی‌ توركمانباشی‌ له‌خۆینا كه‌وه‌ش به‌مانی‌ سه‌ركرده‌ی‌ هه‌موو توركمانه‌كان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ دامه‌زرێنه‌ر و سه‌رۆكی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ توركمانه‌كانی‌ جیهان بوو. میدیای‌ توركمانستان كه‌ له‌ سایه‌ی‌ ئه‌ودا هیچ ئازادیه‌كی‌ نه‌بوو سه‌پارموراد نیازۆڤی‌ به‌ توركمانباشی‌ ناوده‌برد.
له‌ساڵی‌ 1999شدا په‌رله‌مانی‌ وڵات رایگه‌یاند كه‌ سه‌پارموراد سه‌رۆكی‌ هه‌میشه‌یی تامردنه‌ وڵاته‌ وتا له‌ژیاندابێت ئه‌و سه‌رۆكه‌. دوای‌ چه‌ند هه‌فته‌یه‌كیش په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرا كه‌ كاندیده‌كانی‌ له‌لایه‌ن خودی‌ سه‌پارموراده‌وه‌ دیاری‌ كرابوون.
 له‌سایه‌ی‌ حوكمی‌ سه‌پارموراددا توركمانستان به‌ تاكڕه‌وی و زۆرداری به‌ڕێوه‌ ده‌را. ئازادی‌ میدیا نه‌بوو. ئینته‌رنێت قه‌ده‌غه‌بوو. رێگه‌ به‌هیچ پارت و گروپێكی‌ ئۆپۆزسیۆن نه‌ده‌درا. هه‌ر بڕیارێك و لێدوانێكی‌ بدایه‌ وه‌ك به‌نده‌كانی‌ ده‌ستوری‌ وڵات ده‌بوو جێبه‌حێبكرانایه‌. زۆربه‌ی‌ شارو فرۆكه‌خانه‌ و قوتابخانه‌ و شوێنه‌ گشتیه‌كان به‌ناوی‌ خۆی‌ و ئه‌ندامانی‌ خێزانه‌كه‌یه‌وه‌ ناونرابوون. له‌ زۆربه‌ی‌ شوێنه‌ گشتیه‌كان و ته‌نانه‌ت تایبه‌ته‌كانیشدا فه‌رمانیداوو به‌ دروستكردنی‌ په‌یكه‌ر بۆی‌ كه‌ هه‌ندێكیان پاره‌یه‌كی‌ زۆریان له‌ دروستكردنیدا تێچوبوو. سه‌پارموراد باوه‌ڕی‌ وابوو كه‌ ده‌بێت كه‌سێتی‌ ئه‌و به‌پیرۆز ته‌ماشابكرێـت و له‌سه‌رو هه‌موو یاسا و رێسایه‌كه‌وه‌ بێًت.سه‌پارمورات هه‌موو بیروبۆچونه‌كانی‌ له‌ كتێبێكدا نوسیبۆوه‌ به‌ناوی‌ (روحنامه‌) واته‌ (په‌یامی‌ رۆحی‌). ئه‌م كتێبه‌ كه‌ له‌به‌رگێكی‌ سه‌وزدا بوو له‌دوای‌ قورئانه‌وه‌ ده‌بوو به‌ پیرۆزترین شت ته‌ماشابكرێت.خه‌ڵكی‌ وافێركرابوون كه‌ بڵێن قورئان كتێبی‌ خودایه‌ و روحنامه‌ش كتێبی‌ پیرۆزه‌. په‌یكه‌ری‌ گه‌وره‌ بۆ كتێبه‌كه‌ دروستكرابوو. ببووه‌ پرۆگرامی‌ سه‌ره‌كی‌ خوێندن، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی‌ بیانویستایه‌ مۆڵه‌تی‌ شۆفێریش به‌ده‌ستبێنن ده‌بوو به‌ر له‌هه‌رشتێك روحنامه‌بخوێننه‌وه‌ و به‌نده‌كانی‌ له‌به‌ر بكه‌ن و له‌تاقیكردنه‌وه‌ی‌ كتێبه‌كه‌دا ده‌ربچن. یاسا و بڕیاره‌كانی‌ جیهانی‌ توشی‌ سه‌رسامی‌ كردوو. بۆ نمونه‌ ناوی‌ مانگ و رۆژه‌كانی‌ هه‌فته‌ی‌ گۆڕی‌ و به‌ناوی‌ خۆی‌ و ئه‌ندامانی‌ خێزانه‌كه‌ی و ناوداره‌كانی‌ توركمانه‌وه‌ ناونا. مانگی‌ یه‌كی‌ به‌ناوی‌ (توركمانباشی‌)یه‌وه‌ ناونا كه‌ نازناوی‌ خۆی بوو، مانگی‌ نیسان واته‌ مانگی‌ 4 گۆڕیبوو بۆ گوربانسوڵتان Gurbansoltan كه‌ ناوی‌ دایكی بوو. مانگی‌ ئه‌لیلول ناونرابوو (روحنامه‌) به‌ناوی‌ ئه‌وكتێبه‌ی‌ كه‌ خۆی‌ نوسیبووی‌. مانگی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ ناونرا (گه‌راشسزلیك) واته‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ چونكه‌ له‌و مانگه‌دا له‌ ساڵی‌ 1991 توركمانستان سه‌ربه‌خۆیی‌ به‌ده‌ستهێنا. مانگی‌ تشرینی‌ دووه‌م ناونرابوو (سانجار) به‌ناوی‌ سوڵتان سانجاری‌ سه‌ركرده‌ی‌ سه‌لجوقیه‌كانه‌وه‌. هه‌ندێ‌ له‌بڕیاره‌كانی‌ دیكه‌ی‌ جیهانی‌ توشی‌ سه‌رسامی‌ كردبوو، له‌وانه‌ ، گوێگرتن له‌ رادیۆی‌ ناو ئۆتۆمبێل قه‌ده‌غه‌بوو. قسه‌كردن له‌گه‌ڵ بێگانه‌ قه‌ده‌غه‌بوو. دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر راوێژی‌ پزیشكه‌كه‌ی‌ ده‌بوو واز له‌ جگه‌ره‌ كێشان بێنێت، فه‌رمانیدا به‌ قه‌ده‌غه‌كردنی‌ جگه‌ره‌كێشان له‌ هه‌موو شوێنه‌ گشتیه‌كان. له‌ 2001دا ئۆپێرا و سه‌مای‌ بالێ و سێركی‌ قه‌ده‌غه‌كرد به‌بیانوی‌ ئه‌وانه‌ نامۆن به‌ كه‌لتوری‌ توكمانی. سه‌پارموراد فه‌رمانیدا به‌ قه‌ده‌غه‌كردنی‌ مكیاژ له‌ په‌یامنێر و پێشكه‌شكارانی‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كان قه‌ده‌غه‌كرد به‌وو بیانوه‌ی‌ ژنی‌ توركمان خۆیان جوانن و پێویستیان به‌ مكیاژ نیه‌. له‌ساڵی‌ 2005دا فه‌رمانیدا به‌ داخستنی‌ هه‌موو نه‌خۆشخانه‌ و كتێبخانه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌شقابادی‌ پایته‌خت. داوای‌ كرد نه‌خۆشه‌كان بۆچاره‌سه‌ر بچنه‌ پایته‌خت و بڕواشی‌ وابوو كه‌ بوونی‌ كتێبخانه‌ پێویستنین و ئه‌وكتێبانه‌ی‌ توركمانه‌كان پێویستیان پێیه‌تی‌ بیخوێ،نه‌وه‌ بریتین له‌ كتێبی‌ قورئان و كتێبی‌ روحنامه‌ كه‌ خۆی‌ نوسیبوی‌. له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕیاره‌ سه‌یر و سه‌مه‌رانه‌دا سه‌پارموراد له‌ماوه‌ی‌ 21 ساڵ حوكمكردنیدا یه‌كێك بوو له‌ دیكتاتۆره‌ چه‌وسێنه‌ره‌كان. هه‌موو ده‌نگێكی‌ ناره‌زایی‌ به‌توندترین شێوه‌ ده‌چه‌وسانده‌وه‌. پاش هه‌وڵێكی‌ تیرۆركردن له‌ساڵی‌ 2002 دا، حكومه‌تی‌ توركمانستان به‌هه‌زاران گومانلێكراو ئه‌ندامانی‌ خێزانه‌كانی‌ ده‌سگیركردن. ئه‌وانه‌ی‌ ره‌خنه‌یان له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی‌ سه‌پارموراد ده‌گرت له‌وباوه‌ڕه‌دابوون كه‌ حكومه‌ت سیناریۆی‌ ئه‌و هه‌وڵه‌ی‌ داڕشتبێت تا له‌ڕێگه‌یه‌وه‌ ناڕه‌زاییه‌ ناوخۆییه‌كان سه‌ركوت بكات.
21 ساڵ دیكتاتۆریه‌ت و سه‌ركوتكردن له‌ توركمانستان به‌مردنی‌ نیازۆرڤ له‌ 21ی‌ كانونی‌ یه‌كه‌می‌ 2006 كۆتایی‌ هات. سه‌پارموراد نیازۆڤ له‌و گونده‌ی‌ لێی‌ له‌دایك بوو به‌خاكسپێردرا. دوای‌ مردنیشی‌ زۆربه‌ی‌ بڕیار و فه‌رمانه‌كانی‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكه‌كه‌ی‌ پاش خۆی‌ هه‌ڵوه‌شێنرانه‌وه‌.
     


15/02/2012
  • کوردستان
  • عێراق
  • جیهان
ڤیدیۆ...كاتژمێره‌ زیره‌كه‌كه‌ی‌ گۆگڵ
Saturday, April 20, 2013
هه‌واڵی زیاتر
دوو مانگ دوای‌ مردنه‌كه‌ی‌ ته‌رمی‌ پاشای‌ كه‌مبودیا له‌ ڕێوره‌سمێكی‌ تایبه‌تدا سوتێنرا
Tuesday, February 5, 2013
هه‌واڵی زیاتر
كینگداو هایوان...درێژترین پردی‌ ئاوی‌ له‌ جیهاندا
Tuesday, April 16, 2013
هه‌واڵی زیاتر
KNN Frequencies: Nilesat: 10892 H 3/4 S.R = 27500       Hotbird: 12380 V 27500