ژان كڵود دوڤالێر گه‌وره‌ دیكتاتۆر و سه‌رۆكی‌ پێشووتری‌ هایتی‌




ژان كڵود دوڤالێر گه‌وره‌ دیكتاتۆر و سه‌رۆكی‌ پێشووتری‌ هایتی‌ له‌ 3 ته‌موزی‌ ساڵی‌ 1951 له‌ پۆرتۆپرێنسی‌ پایته‌ختی‌ هایتی‌ له‌ دایك بووه‌.
ژان كلود ماوه‌ی‌ منداڵی‌ له‌ ژینگه‌ و بارودۆخێكی‌ ته‌نهاییدا به‌سه‌ر بردووه‌، له‌ قوتابخانه‌ی‌ سه‌ینت لویس دی‌ گۆنزاگۆ خوێندنی‌ ته‌واو كردووه‌ و خوێندنی‌ یاساشی‌ له‌ زانكۆی‌ هایتی‌ ته‌واو كردووه‌.
له‌ ساڵی‌ 1971 فرانسوا دۆڤالێری‌ باوكی‌ كه‌ به‌ (پاپا دۆك) یان (بابه‌ دۆك) ناسرابوو داوا له‌ كۆنگرێسی‌ ولاته‌كه‌ی‌ ده‌كات ده‌ستور هه‌مواربكه‌ن به‌ جۆرێك ژانكلودی‌ كوڕی‌ كه‌ به‌ (به‌یبی‌ دۆك) یان (به‌به‌ دۆك) ناسرابوو جێگه‌ی‌ بگرێته‌وه‌ و به‌ درێژایی‌ ژیانی‌ ببێته‌ سه‌رۆكی‌ ووڵات. دوای‌ سێ‌ مانگ و له‌ مانگی‌ نیسانی‌ ساڵی‌ 1971 دا و دوای‌ مردنی‌ باوكی‌ ،ژان كلو له‌ ته‌مه‌نی‌ 19 ساڵیدا بوو به‌ سه‌رۆكی‌ هایتی‌ و شوێنی‌ باوكی‌ گرته‌وه‌، به‌وه‌ش بوو به‌ یه‌كه‌م كه‌س كه‌ له‌ ته‌مه‌نی‌ 19 ساڵیدا ببێت به‌ سه‌رۆكی‌ وڵات.
ژان كڵود له‌سه‌ره‌تادا دژی‌ گرتنه‌ ده‌ستی‌ حوكم بوو. حه‌زی‌ به‌ سیاسه‌ت نه‌ده‌كرد پێشنیاری‌ كرد كه‌ ماری‌ دێنیس دۆڤالێری‌ خوشكه‌ گه‌وره‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ بگرێته‌ ده‌ست و ده‌سه‌ڵاتی‌ به‌ڕێوه‌بردنیش بۆسیمۆن ئۆڤید دۆڤالێری‌ دایكی‌ به‌جێبێلێیت. ئه‌م پێشنیاره‌ی‌ ره‌تكرایه‌وه‌، به‌ڵام خوشكه‌كه‌ی‌ و دایكی‌ بوون به‌ راوێژكاره‌ نزیكه‌كانی‌ دو ڤالێر. 
ژان كڵود چه‌ند هه‌نگاوێكی‌ به‌روی‌ چاكسازی‌ سیستمی‌ حوكمڕانی‌ باوكیدا نا، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا چه‌ندین به‌ندكراوی‌ سیاسی‌ ئازادكرد و سانسۆری‌ سه‌ر راگه‌یاندنه‌كانیشی‌ كه‌مكرده‌وه‌، به‌ڵام هیچ گۆڕنكارییه‌كی‌ سه‌ره‌كی‌ له‌ بنه‌ماكانی‌ رژێمه‌كی‌ باوكیدا نه‌كرد، ده‌ستوری‌ وه‌ك لاستیك له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆیدا به‌كارده‌هێنا.
دۆڤالێر له‌ رێگه‌ی‌ ده‌ست به‌سه‌راگرتنی‌ ده‌زگای‌ به‌رهه‌مهێنان و پوخته‌كردنی‌ توتنه‌وه‌ كه‌ سه‌ره‌كیترین داهاتی‌ ئه‌و وڵاته‌ بوو، ده‌ستی‌ به‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ سه‌روه‌ت و سامانێكی‌ زۆر كرد.
له‌ 27 ی‌ ئایاری‌ ساڵی‌ 1980 دا له‌ ئاهه‌نگێكی‌ پڕخه‌رجیدا ژیانی‌ هاوسه‌ری‌ له‌گه‌ڵ میشێل بینیت پاسكێتی‌ ژنی‌ پێشووی‌ ئه‌لیكس باسكێتدا پێكهێنا، كه‌ خه‌رجی‌ ئاهه‌نگه‌كه‌ به‌ 3 ملیۆن دۆلاری‌ ئه‌مریكی‌ مه‌زه‌نده‌ ده‌كرا.
ئه‌و ئاهه‌نگه‌ به‌و خه‌رجیه‌ زۆره‌وه‌ كه‌ ئه‌و كاته‌ له‌ كتێبی‌ گینیسدا به‌ پڕخه‌رجیترین ئاهه‌نگ تۆماركرا ، ناڕه‌زاییه‌كی‌ زۆری‌ له‌و وڵاته‌ هه‌ژاره‌ دروستكرد. 
بارودۆخی‌ ژیان و گوزه‌رانی‌ خه‌ڵك له‌ سایه‌ی‌ فه‌رمانڕه‌وایی‌ ژان كڵودا رۆژ له‌ دوای‌ رۆژ خراپتر ده‌بوو، به‌ تایبه‌ت دوای‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌نفلۆنزای‌ به‌راز له‌ ساڵی‌ 1978 دا و له‌ناوبردنی‌ سه‌رجه‌م كێڵگه‌كانی‌ به‌خێوكردنی‌  به‌راز له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی‌ كشتوكاڵی‌ ئه‌مریكاوه‌ و دواتریش بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ نه‌خۆشی‌ ئایدز به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رفراوان كه‌ كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر بارودۆخی‌ وڵات دروستكرد.
له‌ ساڵی‌ 1985 دا ژیان له‌ هایتی‌ گه‌یشته‌ خراپترین ئاست و برسێتی‌ بوو به‌ كوشنده‌ترین ده‌ردی‌ خه‌ڵك له‌و وڵاته‌، له‌ ئه‌نجامی‌ ئه‌وه‌شدا ده‌نگی‌ ناڕه‌زایی‌ له‌ شاری‌ گۆنایڤه‌وه‌ به‌رزبۆوه‌ و بۆ یه‌كه‌مجار خه‌ڵكی‌ رژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان، پاشان خۆپیشاندان له‌ شه‌ش شاری‌ تری‌ ئه‌و وڵاته‌دا به‌ پۆرتۆپرێنسی‌ پایته‌ختیشه‌وه‌ ئه‌نجامدرا، له‌وێشه‌وه‌ ده‌روازه‌یه‌ك بۆ رووبه‌ڕوونه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ژان كلود و هه‌ڵگیرسانی‌ شۆڕش كرایه‌وه‌.
له‌ وه‌ڵامی‌ ئه‌و خۆپیشاندانانه‌شدا ژان كلود بڕیاریدا به‌ رێژه‌ی‌ 10% نرخی‌ شت و مه‌ك دابه‌زێنێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ وه‌ڵامی‌ ناڕه‌زاییه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ نه‌دایه‌وه‌ و شۆڕش له‌ ناوچه‌كانی‌ باشور ده‌ستیپێكرد و دواتریش له‌ سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی‌ تری‌ وڵاتدا، له‌و كاته‌شدا ژنه‌كه‌ی‌ ژان كلود و راوێژكاره‌كانی‌ داوایان له‌ د‌وڤالێر كرد كه‌ كار بۆ دامركانه‌وه‌ی‌ شۆڕشه‌كه‌ و مانه‌وه‌ی‌ له‌ پۆسته‌كه‌یدا بكات، به‌ڵام له‌و كاته‌دا و له‌ مانگی‌ كانوونی‌ دووه‌می‌ ساڵی‌ 1986 دا رۆناڵد ریگن سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا داوای‌ له‌ كلود كرد كه‌ هایتی‌ بۆ شۆڕشگێران جێبهێبَیت و ره‌تیشیكرده‌وه‌ كه‌ بتوانێت پارێزگاری‌ له‌ مانه‌وه‌ی‌ له‌ پۆسته‌كه‌یدا بكات، به‌ڵام له‌ به‌جێهێشتنی‌ هایتیدا هاوكاری‌ ده‌كات. له‌ رۆژی‌ 30 ی‌ مانگی‌ كانوونی‌ دووه‌می‌ هه‌مانساڵدا دۆڤالێر ئاماده‌یی‌ خۆی‌ بۆ هه‌ڵهاتن ده‌ریڕی‌ و له‌ رۆژی‌ 7 شوباتیشدا د‌وڤالێر وڵاته‌كه‌ی‌ به‌ فڕۆكه‌یه‌كی‌ فه‌ره‌نسی‌ به‌ره‌و وڵاتی‌ فه‌ره‌نسا جێهێشت.
دوای‌ هه‌ڵهاتنی‌ بۆ فه‌ره‌نسا، دۆڤالێر چه‌ند جارێك هه‌وڵی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ بۆ وڵاته‌كه‌ی‌ دا، به‌ تایبه‌ت دوای‌ جیایوونه‌وه‌ی‌ له‌ میشێلی‌ خێزانی‌ له‌ ساڵی‌ 1993 دا.
له‌ ساڵی‌ 2004دا رێكخراوی‌ شه‌فافیه‌تی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ رایگه‌یاند كه‌ دوڤالێر له‌وكاته‌ی‌ له‌ده‌سه‌ڵاتدا بووه‌ زیاتر له‌ 300 بۆ 800 ملیۆن دۆلاری‌ له‌ موڵكی‌ گشتی‌ بۆخۆی‌ لاداوه‌.
 له‌  رۆژی‌ 16  كانوونی‌ دووه‌می‌  2011 شدا بۆ دواجار دۆڤالێر خه‌ونی‌ له‌ مێژینه‌ی‌ پاش 25 ساڵ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ وڵاته‌كه‌ی‌ به‌دیهێنا و گه‌ڕایه‌وه‌ شاری‌ پۆرتۆپرێنسی‌ پایته‌خت، دوای‌ دوو رۆژ له‌ گه‌یشتنی‌ بۆ وڵات له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ راپێچی‌ دادگا كرا و ئێستاش به‌تۆمه‌تی‌ گه‌نده‌ڵی‌ و ئه‌شكه‌نجه‌ و كوشتن و چه‌وساندنه‌وه‌ و ئاواره‌كردنی‌ هاوڵاتیان دادگایی‌ ده‌كرێت.


22/02/2012
  • کوردستان
  • عێراق
  • جیهان
ڤیدیۆ...كاتژمێره‌ زیره‌كه‌كه‌ی‌ گۆگڵ
Saturday, April 20, 2013
هه‌واڵی زیاتر
دوو مانگ دوای‌ مردنه‌كه‌ی‌ ته‌رمی‌ پاشای‌ كه‌مبودیا له‌ ڕێوره‌سمێكی‌ تایبه‌تدا سوتێنرا
Tuesday, February 5, 2013
هه‌واڵی زیاتر
كینگداو هایوان...درێژترین پردی‌ ئاوی‌ له‌ جیهاندا
Tuesday, April 16, 2013
هه‌واڵی زیاتر
KNN Frequencies: Nilesat: 10892 H 3/4 S.R = 27500       Hotbird: 12380 V 27500