(سوهارتۆ) دیكتاتۆری‌ پێشوی‌ ئیندۆنیزیا




سوهارتۆ، یه‌كێك بوو له‌ خراپترین دیكتاتۆره‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو كه‌ بۆ ماوه‌ی‌ 32 ساڵ به‌ ئاگر و ئاسن حوكمی‌ ئیندۆنیزیای‌ كرد.
ئه‌گه‌رچی‌ ناوی‌ ته‌واوی‌ خۆی‌ محه‌مه‌د سوهارتۆیه‌ ،به‌ڵام وه‌ك هه‌موو هاولاتیه‌كی‌ دیكه‌ی‌ ئیندۆنیزیا، ته‌نیا یه‌ك ناوی‌ به‌كار ده‌هێنا و به‌ سوهارتۆ ناسراوبوو.
سوهارتۆ له‌ ساڵی‌ 1921 له‌ خێزانێكی‌ جوتیار له‌ گوندێكی‌ سه‌ربه‌ ویلایه‌تی‌ جاڤای‌ ئیندۆنیزیا له‌دایك بووه‌. هه‌ر له‌ دوای‌ له‌ دایكبوونی‌ به‌ چه‌ند مانگێك دایك و باوكی‌ له‌یه‌كتر جیابوونه‌وه‌ و له‌ته‌مه‌نی‌ 3 ساڵیه‌وه‌ چووه‌ لای‌ دایكی‌ كه‌ شوی‌ به‌ جوتیارێك كردبوو، بۆ ماوه‌یه‌كیش لای‌ باوكی‌ ژیاوه‌. 
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وكاته‌ ئیندۆنیزیا له‌ژێر داگیركاری‌ هۆڵه‌ندادا بوو بۆیه‌ دوای‌ ته‌واوكردنی‌ خوێندنی‌ ناوه‌ندی‌، سوهارتۆ له‌ ساڵی‌ 1940دا چووه‌ ریزی‌ سوپای‌ هۆڵه‌ندیه‌وه‌ كه‌ زیاتر به‌ (سوپای‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ئیندیزی‌ شاهانه‌ی‌ هۆڵه‌ندا ) ناسرابوو. سوهارتۆ له‌ خوێندنگه‌یه‌كی‌ سه‌ربازی‌ ده‌ستی‌ به‌ خوێندن كرد و هه‌رزوو به‌هۆی‌ چالاكی‌ و لێهاتوییه‌وه‌ ناوی‌ ده‌ركرد. كاتێك له‌ ئازاری‌ 1942دا و له‌ جه‌نگی‌ جیهانی‌ دووه‌مدا ژاپۆن ئیندۆنیزیای‌ داگیركرد، زۆر كه‌س له‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌و ولاته‌ به‌ هه‌لێكیان زانی‌ بۆ رزگاربوونیان له‌ داگیركاری‌ هۆڵندا و یه‌كێك له‌وانه‌ش سوهارتۆبوو كه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ سوپای‌ ژاپۆنیه‌وه‌ كرد و كه‌وته‌ شه‌ڕكردن دژ به‌ داگیركاری‌ هۆڵندی‌ تا ئه‌و كاته‌ی‌ ژاپۆن له‌ جه‌نگه‌كه‌ شكستی‌ هێنا و له‌ ئیندۆنیزیا پاشه‌كشه‌ی‌ كرد. له‌ ساڵی‌ 1945دا كه‌ سوپای‌ ئیندۆنیزیا دامه‌زرا، سوهارتۆ په‌یوه‌ندی‌ به‌و سوپایه‌وه‌ كرد و كاتێكیش ئیندۆنیزیا له‌ ساڵی‌ 1949 سه‌ربه‌خۆیی‌ له‌ هۆڵندا به‌ده‌ست هێنا، سوهارتۆ هه‌رزوو له‌ سوپادا پله‌ی‌ به‌رزبۆوه‌. ده‌سه‌ڵاتی‌ ره‌های‌ سوهارتۆ ئه‌و كاته‌ ده‌ستی‌ پێكرد كه‌ له‌ ئه‌یلولی‌ ساڵی‌ 1965دا 6 جه‌نه‌راڵی‌ باڵای‌ سوپا له‌ رووداوێكی‌ ته‌موومژاویدا رفێنران و كوژران كه‌ پێده‌چوو به‌هۆی‌ هه‌وڵدانیان بووبێت بۆ ئه‌نجامدانی‌ كۆده‌تایه‌تی‌ سه‌رنه‌كه‌وتوو. ئه‌م رووداوه‌ وای‌ كرد سوهارتۆ ده‌ست بگرێت به‌سه‌ر هێزه‌ چه‌كداره‌كاندا و پله‌كه‌ی‌ بۆ سه‌رۆكی‌ ئه‌ركانی‌ سوپا به‌رزكرده‌وه‌ و ده‌ستی‌ به‌سه‌ر هه‌موو جومگه‌كانی‌ حكومه‌تدا گرت.
سوهارتۆ له‌ناو سوپادا ده‌ستی‌ كرد به‌ هه‌ڵمه‌تی‌ سه‌ركوتكردنی‌ كۆمۆنیسته‌كان و ئیسلامیه‌كان وا باوه‌ڕده‌كرێت له‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا نزیكه‌ی‌ 500 هه‌زار بۆ یه‌ك ملیۆن كه‌س له‌ناوچوبێت. كه‌ ئه‌وه‌ش به‌ یه‌كێك له‌  خوێناویترین روداوه‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ بیسته‌م ده‌ژمێردرێت.
له‌ ساڵی‌ 1966دا  هه‌رچه‌نده‌ سوكارنۆ ، یه‌كه‌م سه‌رۆكی‌ دوای‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ ساڵێكی‌ مابوو له‌ پۆسته‌كه‌یدا، به‌ڵام سوهارتۆ ده‌سه‌ڵاتی‌ له‌ناو كۆشكدا فراوانكرد تا ئه‌و كاته‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ راوێژكاریی‌ گه‌لی‌ ئیندۆنیزیا سوهارتۆی‌ به‌ وه‌كاله‌ت بۆ سه‌رۆكی‌ ولات ده‌ستنیشانكرد. ساڵی‌ دواتر واته‌ له‌ 1968دا ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ سوهارتۆی‌ بۆ خولێكی‌ 5 ساڵه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌ڵبژارد كه‌ تا ئه‌و كاته‌ی‌ له‌ پۆسته‌كه‌ی‌ لادرا شه‌ش جار ماوه‌ی‌ حوكمه‌كه‌ی‌ درێژكرده‌وه‌.
سوهارتۆ وه‌ك سه‌رۆك ده‌ستی‌ كرد به‌ جێبه‌جێكردنی‌ سیاسه‌تێكی‌ نوێ‌ كه‌ ناوینا (نه‌زمی‌ نوێ‌) و پشتی‌ به‌ ئابوریناسانی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ ئه‌مریكی‌ ده‌كرد بۆ بوژانه‌وه‌ی‌ ئابوری‌ ولات و راكێشانی‌ سه‌رمایه‌ و هاوكاری‌ بیانی‌ و به‌رهه‌مهێنانی‌ نه‌وتی‌ زیاد كرد و ژێرخانی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ گه‌شه‌پێدا. له‌ساڵی‌ 1972دا سوهارتۆ سه‌ركه‌وتوو بوو له‌ گێڕانه‌وه‌ی‌ ئابوریه‌كی‌ جێگیر بۆ وڵات به‌ دابه‌زاندنی‌ هه‌ڵاوسان.
ئه‌گه‌رچی‌ له‌ سه‌رده‌می‌ سوهارتۆدا ئابوری‌ وڵات به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو گه‌شه‌سه‌ندنی‌ به‌خۆوه‌ بینی‌ و سوهارتۆ خۆی‌ وانیشانده‌دا كه‌ پابه‌نده‌ به‌ده‌ستوره‌وه‌، به‌ڵام له‌ بنچینه‌دا حكومه‌ته‌كه‌ی‌ رژێمێكی‌ خۆسه‌پێنی‌ تاكڕه‌و بوو كه‌ پشتی‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سه‌ربازی‌ ده‌به‌ست. سوهارتۆ وه‌ك سه‌رۆكی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كان و حكومه‌ت به‌ته‌واوی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ به‌سه‌ر ژیانی‌ سیاسی‌ وڵاتدا گرتبوو. حیزبه‌ سیاسیه‌كه‌ی‌ سوهارتۆ به‌ ناوی‌ (گۆلكار) كه‌ حكومه‌تی‌ پێكهێنابوو له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا سه‌ركه‌وتنی‌ ره‌های‌ به‌ده‌ست ده‌هێنا و زۆرینه‌ی‌ كورسیه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ مسۆگه‌ر ده‌كرد كه‌ ئه‌مه‌ش وایكرد به‌بێ‌ هیچ به‌رهه‌ڵستكاریه‌ك له‌ ساڵه‌كانی‌1973 و 78 و83 و 88 و 93 سوهارتۆ به‌ سه‌رۆكی‌ وڵات هه‌ڵبژێرێته‌وه‌.
سوهارتۆ وه‌ك سوكارنۆی‌ پێش خۆی‌ هه‌وڵی‌ ده‌دا بۆ بنیادنانی‌ یه‌كێتیه‌كی‌ نیشتیمانی‌ له‌ وڵاتێكدا كه‌ ئه‌وكاته‌ ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ نزیكه‌ی‌ 200 ملیۆن كه‌س بوو، له‌ 300 گروپی‌ عرقی‌ جیاجیا كه‌ به‌ 250 زمان ده‌دوێن و 6 هه‌زار دورگه‌ی‌ له‌خۆگرتوه‌.
 له‌ماوه‌ی‌ سێ ده‌یه‌ی‌ حوكمكردنی‌ سوهارتۆدا، ئیندۆنیزیا له‌روی‌ ئابوریه‌وه‌ گه‌شه‌ی‌ كرد، به‌ڵام ئازادیه‌ مه‌ده‌نیه‌كان به‌رته‌سك كرانه‌وه‌، سوپا و كه‌سه‌ باڵاكانی‌ ناو سوپا رێژه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ ئابوریان قۆرخ كردبوو. سوهارتۆ رێگه‌ی‌ دابوو به‌ كه‌س و كار و شه‌ش منداڵه‌كه‌ی‌ كۆنترۆڵی‌ كه‌رته‌ گرنگه‌كانی‌ ئابوری‌ ولات بكه‌ن و له‌ رێگه‌ی‌ ئیحتیكاری‌ بازرگانیه‌وه‌ سه‌روه‌تێكی‌ گه‌وره‌ بۆ خۆیان كه‌ڵه‌كه‌ بكه‌ن.
له‌ نه‌وه‌ده‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردودا گه‌نده‌ڵیی‌ بێئه‌ندازه‌ی‌ رژێمه‌كه‌ی‌ سوهارتۆ چینی‌ ناوه‌راست و خاوه‌نكارانیشی‌ گرتوه‌ ،به‌ڵام هێشتا ئه‌وه‌نده‌ به‌توندی‌ كۆنترۆڵی‌ سیاسه‌تی‌ كردبوو كه‌ نه‌ده‌توانرا به‌رهه‌ڵستی‌ بكرێت.
خێزانه‌كه‌ی‌ و 6 منداڵه‌كه‌ی‌ پشكیان له‌ هه‌موو بازرگانی‌ و گرێبه‌ستێكی‌ بازرگانیدا هه‌بوو.
به‌ گوێره‌ی‌ خه‌مڵاندنێكی‌ رێكخراوی‌ شه‌فافیه‌تی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ سوهارتۆ و شه‌ش منداڵه‌كه‌ی‌ له‌و قازانجانه‌ی‌ ده‌ستیان كه‌وتبوو نزیكه‌ی‌ 35 ملیار دۆلاریان كه‌ڵه‌كه‌ كردبوو.
خێزانه‌كه‌ی‌ سوهارتۆش به‌ خاتوو له‌سه‌دا(%) ناسرابوو ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌ك بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ هه‌موو مامه‌ڵه‌ بازرگانیه‌كاندا رێژیه‌كی‌ سه‌دی‌ بۆخۆی‌ ده‌برد.
له‌ ساڵی‌ 1997دا گه‌نده‌ڵی‌ و مه‌حسوبیه‌ت گه‌یشته‌ لوتكه‌. ئیندۆنیزیاش روبه‌روی‌ ئه‌و قه‌یرانی‌ دراوه‌ بۆوه‌ كه‌ ئه‌و كاته‌ باشوری‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ئاسیای‌ گرتبۆوه‌. دراوی‌ نیشتیمانی‌ ئیندۆنیزیا كه‌ روپێ‌ بوو به‌ته‌وای‌ به‌های‌ خۆی‌ له‌ ده‌ستدا و هه‌ڵاوسان گه‌یشته‌ لوتكه‌ و ئابوری‌ وڵات توشی‌ ئیفلیجی‌ بوو. له‌گه‌ڵ ئه‌و باره‌ ئابوریه‌ ناله‌باره‌دا، سوهارتۆ هه‌موو خواستێكی‌ بۆ ریفۆرم ره‌ت ده‌كرده‌وه‌. هه‌ره‌سهێنانی‌ ئاستی‌ بژێوی‌ به‌تایبه‌تی‌ بۆ چینی‌ هه‌ژار، خه‌ڵكی‌ ناچاركرد له‌ مانگی‌ ئایاری‌ 1998دا دژ به‌ حوكمی‌ سوهارتۆ بڕژێنه‌ سه‌رشه‌قامه‌كان. خۆپیشاندان دژ به‌ حكومه‌ت شه‌قامه‌كانی‌ جاكارتای‌ پایته‌ختی‌ گرته‌وه‌. گه‌وره‌ترین خۆپیشاندانیش له‌ لایه‌ن خوێندكارانی‌ زانكۆوه‌ ئه‌نجامدرا كه‌ داوای‌ رۆیشتنی‌ سوهارتۆیان ده‌كرد. خۆپیشاندانه‌كه‌ پێكدادانی‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی‌ ئاسایشدا لێكه‌وته‌وه‌ و نزیكه‌ی‌ 500 خوێندكار به‌ ده‌ستی‌ هێزه‌كانی‌ سوهارتۆ كوژران. كۆنترۆڵكردنی‌ خۆپیشاندانه‌كان مه‌حاڵ بوو. هه‌ربۆیه‌ له‌ 21 ئایاری‌ 1998دا سوهارتۆ ناچاربوو كورسیه‌كه‌ی‌ جێبێڵێت كه‌ ته‌نیا دوو مانگی‌ مابوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ بۆ جاری‌ حه‌وته‌م خۆی‌ هه‌ڵبژێرێته‌وه‌. سوهارتۆ كه‌ كۆشكی‌ به‌جێهێشت له‌ لێدوانێكی‌ كورتدا بۆ خه‌ڵكی‌ ئیندۆنیزیا ووتی‌: داوای‌ لێبوردن ده‌كه‌م بۆ هه‌ڵه‌كانم.
رژێمه‌كه‌ی‌ سوهارتۆ كه‌ دواجار له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ روخێنرا ،رێگه‌ی‌ خۆشكرد بۆ دیموكراسی‌ له‌م وڵاته‌ موسوڵمانه‌ 235 ملیۆنیه‌.
10 ساڵ دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ پۆسته‌كه‌ی‌ لابرا له‌ 27 كانوونی‌ دووه‌می‌ 2008دا كۆچی‌ دوایی‌ كرد، بێئه‌وه‌ی‌ رووبه‌روی‌ دادگا بكرێته‌وه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و پارانه‌ی‌ له‌ گه‌لی‌ ئیندۆنیزیای‌ دزیبوو كه‌ به‌ 35 ملیار دۆلار ده‌خه‌مڵێنرا و به‌رامبه‌ر ئه‌و كوشتارانه‌ی‌ كه‌ به‌رامبه‌ر گه‌له‌كه‌ی‌ ئه‌نجامی‌ دابوو كه‌ به‌ كوشتنی‌ یه‌ك ملیۆن كه‌س ده‌خه‌مڵێنرێت.
سوهارتۆ یه‌كێكبوو له‌ گه‌نده‌ڵترین و خوێنرێژترین دیكتاتۆره‌كانی‌ كیشوه‌ری‌ ئاسیا.        


11/03/2012
  • کوردستان
  • عێراق
  • جیهان
ڤیدیۆ...كاتژمێره‌ زیره‌كه‌كه‌ی‌ گۆگڵ
Saturday, April 20, 2013
هه‌واڵی زیاتر
دوو مانگ دوای‌ مردنه‌كه‌ی‌ ته‌رمی‌ پاشای‌ كه‌مبودیا له‌ ڕێوره‌سمێكی‌ تایبه‌تدا سوتێنرا
Tuesday, February 5, 2013
هه‌واڵی زیاتر
كینگداو هایوان...درێژترین پردی‌ ئاوی‌ له‌ جیهاندا
Tuesday, April 16, 2013
هه‌واڵی زیاتر
KNN Frequencies: Nilesat: 10892 H 3/4 S.R = 27500       Hotbird: 12380 V 27500