محه‌مه‌د حوسنی‌ موباره‌ك سه‌رۆكی‌ پێشووی‌ میسر




محه‌مه‌د حوسنی‌ موباره‌ك سه‌رۆكی‌ پێشووی‌ میسر  له‌ 4 ی‌ ئایاری‌ ساڵی‌ 1928 له‌ شارۆچكه‌ی‌ كه‌فر-ئه‌لمیسله‌های‌ سه‌ر  به‌پارێزگای‌ منوفیه‌ی‌ زێدی‌ سه‌رۆكی‌ پێشووتری‌ ئه‌و وڵاته‌ ئه‌نوه‌ر سادات كه‌ ده‌كه‌وێته‌ باكوری‌ شاری‌ قاهیره‌وه‌، له‌دایك بووه‌، دوای‌ ته‌واوكردنی‌ خوێندنی‌ ئاماده‌یی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ ئه‌كادیمیای‌ سه‌ربازی‌ میسره‌وه‌ كردووه‌ و بڕوانامه‌ی‌ به‌كالۆریۆسی‌ له‌ زانستی‌ سه‌ربازیدا له‌ ساڵی‌ 1949 به‌ده‌ستهێناوه‌.
له‌ رۆژی‌ 2 ی‌ شوباتی‌ 1949 دا ئه‌كادیمیای‌ سه‌ربازی‌ جێهێشتووه‌ و په‌یوه‌ندی‌ به‌ ئه‌كادیمیای‌ هێزی‌ ئاسمانی‌ وڵاته‌كه‌یه‌وه‌ كردووه‌ و له‌ 13 ی‌ نیسانی‌ 1950 دا به‌كالۆریۆسی‌ له‌ زانستی‌ فڕۆكه‌وانیدا به‌ده‌ستهێناوه‌، دواتریش وه‌ك به‌رێوه‌به‌ر له‌ هێزی‌ ئاسمانی‌ میسردا چه‌ندین كاری‌ جۆراو جۆری‌ راپه‌ڕاندووه‌، پاشان گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ئه‌كادیمیای‌ هێزی‌ ئاسمانی‌ و وه‌كو وانه‌بێژ كاریكردووه‌ و تاكو ساڵی‌ 1959 له‌سه‌ر كاره‌كه‌ی‌ به‌رده‌وامبووه‌. له‌ مانگی‌ كانوونی‌ دووه‌می‌ هه‌مان ساڵ تاكو مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ 1961 له‌ به‌شداری‌ له‌ خولی‌ مه‌شق و راهێنانی‌ فڕۆكه‌وانیدا له‌ كۆلیجی‌ سۆڤیه‌ت بۆ راهێنانی‌ فڕۆكه‌وانی له‌ مۆسكۆ كردووه‌.
له‌ ساڵی‌ 1966 داو دوای‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ له‌ یه‌كێتی‌ سۆڤێته‌وه‌ بۆ میسر، بووه‌ به‌ فه‌رمانده‌ی‌ بنكه‌ی‌ ئاسمانی‌ خۆرئاوای‌ شاری‌ قاهیره‌ و دواتریش بۆ ماوه‌ی‌ دوو ساڵ بووه‌ به‌ فه‌رمانده‌ی‌ ئه‌كادیمیای‌ هێزی‌ ئاسمانی‌ و پاشان بووه‌ به‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ هێزی‌ ئاسمانی‌ و فڕۆكه‌وانی‌ میسر و له‌ ساڵی‌ 1972 دا بووه‌ به‌ فه‌رمانده‌ی‌ هێزی‌ ئاسمانی‌ و جێگری‌ وه‌زیری‌ به‌رگری‌ وڵاته‌كه‌ی‌ .
له‌ نیسانی‌ ساڵی‌ 1975 دا له‌لایه‌ن ئه‌نوه‌ر ساداتی‌ ئه‌و كاته‌ی‌ سه‌رۆكی‌ میسره‌وه‌ به‌ جێگری‌ سه‌رۆك ده‌ستنیشانكراوه‌ و وه‌كو راوێژكارێكی‌ سه‌ره‌كیش له‌ لایه‌ن ساداته‌وه‌  راوێژی‌ سیاسی‌ پێكراوه‌، هه‌ر له‌و كاته‌دا و له‌ پێناو رازیكردنی‌ هه‌ردوو حكومه‌تی‌ عه‌ره‌بستانی‌ سعودیه‌ و سوریادا، به‌ سه‌ردانێك رووی‌ له‌ سعودیه‌ و سوریا كردووه‌ تاكو بتوانێت له‌سه‌ر ئیمزاكردنی‌ رێكه‌وتننامه‌ی‌ سینای‌ دووه‌م له‌ نێوان حكومه‌ته‌كه‌یی‌  و حكومه‌تی‌ ئیسرائیلدا ره‌زامه‌ندییان به‌ده‌ست بهێنێت، به‌ڵام سه‌رۆكی‌ سوریا ئاماده‌ نه‌بوو چاوی‌ پێیبكه‌وێت. 
له‌ ساڵی‌ 1981 دا و دوای‌ تیرۆركردنی‌ ئه‌نوه‌ر سادات سه‌رۆكی‌ پێشوو له‌ دژی‌ ئیمزاكردنی‌ رێكه‌وتننامه‌ی‌ ئاشتی‌ له‌گه‌ڵ ئیسرائیلدا، موباره‌ك بووه‌ به‌ سه‌رۆك كۆماری‌ میسر و هاوكاتیش بووه‌ به‌ سه‌رۆكی‌ پارتی‌ نیشتیمانی‌ دیموكراتی‌.
وڵاتی‌ میسر یه‌كه‌م وڵاتی‌ عه‌ره‌بیه‌ كه‌ له‌ مێژووی‌ كۆمكاری‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بیدا له‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ كشابێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی‌ ئیمزاكردنی‌ رێكه‌وتننامه‌ی‌ ئاشتی‌ له‌گه‌ڵ ئیسرائیلدا، به‌ڵام دواتر و له‌ ساڵی‌ 1989 دا و له‌ كاتی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ موباره‌كدا، جارێكی‌ تر گه‌ڕایه‌وه‌ ناو كۆمه‌ڵه‌كه‌و باره‌گای‌ سه‌ره‌كی‌ رێكخراوه‌كه‌ش گه‌ڕێندرایه‌وه‌ بۆ شوێنه‌كه‌ی‌ پێشووی‌ كه‌ شاری‌ قاهیره‌ی‌ پایته‌ختی‌ ئه‌و وڵاته‌ بوو.
موباره‌ك له‌ ماوه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تیدا 6 جار هه‌وڵی‌ تیرۆركردنی‌ دراوه‌، له‌ دیارترینیشیان هه‌وڵێكی‌ گروپی‌ جیهادی‌ ئیسلامی‌ میسر بوو كه‌ له‌ ساڵی‌ 1995 و له‌  كاتی‌ به‌شداریكردنی‌ موباره‌كدا له‌ كۆنگره‌ی‌ رێكخراوی‌ یه‌كێتی‌ ئه‌فریقادا له‌ ئه‌سیوبیا هه‌وڵی‌ تیرۆركردنی‌ درا، له‌ ساڵی‌ 1999 شدا له‌ هه‌وڵێكی‌ تیرۆركردن رزگاریبوون كه‌ تیایدا به‌ سوكی‌ و له‌ رێگه‌ی‌ به‌كارهێنانی‌ چه‌قۆوه‌ بریندار كرا.
موباره‌ك له‌ ساڵی‌ 2003 له‌ دژی‌ داگیركردنی‌ عێراق وه‌ستایه‌وه‌ و رایگه‌یاند ده‌بێت چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ی‌ ئیسرائیل- فه‌له‌ستین له‌ پێش داگیركردنی‌ عێراقه‌وه‌ بێت، له‌ كاتی‌ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكاشدا له‌ شاره‌كانی‌ عێراق له‌ دژی‌ بڕیاره‌كه‌ وه‌ستایه‌وه‌ چونكه‌ پێیوابوو ئه‌وكاره‌ رێگه‌ بۆ نا ئارامی‌ و توندوتیژی‌ خۆشده‌كات.
موباره‌ك له‌ ساڵه‌كانی‌ 1987 و 93 و 99 دا و له‌ رێگه‌ی‌ ریفراندۆمه‌وه‌ به‌ سه‌رۆكی‌ میسر هه‌ڵبژێردراوه‌ته‌وه‌، به‌هۆی‌ كه‌م و كورتیه‌كانی‌ ده‌ستوری‌ وڵاته‌كه‌شیه‌وه‌ هیچ كه‌س نه‌یده‌توانی‌ خۆی‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی‌ میسر كاندید بكات، به‌ڵام له‌ 26 ی‌ شوباتی‌ 2005 دا داوای‌ له‌ پارله‌مانی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ كرد كه‌ ده‌ستوری‌ وڵاته‌كه‌ی‌ سه‌باره‌ت به‌ مافی‌ خۆكاندیكردنی‌ هه‌ر كه‌سێك بۆ پۆستی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ وڵات هه‌مواربكاته‌وه‌.
ئه‌و هه‌مواركردنه‌وه‌یه‌ نه‌بووه‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ده‌نگی‌ نا رازی‌ خه‌ڵكی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ سه‌باره‌ت به‌ یاساكانی‌ خۆكاندید كردن و رێگرییه‌كانی‌ ده‌ستوری‌ وڵاته‌كه‌ی‌ بۆ چاكسازی‌ له‌ سیستمی‌ سیاسی‌ وڵاتدا بێده‌نگ بكات، بۆیه‌ راپه‌رینی‌ جه‌ماوه‌ری‌ خه‌ڵكی‌ تونس له‌ مانگی‌ كانونی‌ یه‌كه‌می‌ 2010 و جێهێشتنی‌ كورسی‌ ده‌سه‌ڵات له‌ لایه‌ن زه‌ینلعابدین بن عه‌لی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌و وڵاته‌ له‌ مانگی‌ كانونی‌ دووه‌می‌ 2011، ده‌رفه‌تێكی‌ باشی‌ دایه‌ خه‌ڵكی‌ میسر كه‌ له‌ رۆژی‌ 25 ی‌ كانوونی‌ دووه‌م برژێنه‌ مه‌یدانی‌ ته‌حریری‌ قایره‌ و چه‌ند شارێكی‌ تری‌ وڵاته‌كه‌یان و داوای‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ محه‌مه‌د حسنی‌ موباره‌كیان كرد. دوای‌ 18 رۆژ له‌ مانه‌وه‌ و خۆپیشادنی‌ ئاشتییانه‌ی به‌رده‌وامیان، موباره‌ك ناچار بوو واز له‌ كورسی‌ ده‌سه‌ڵات بهێنێت و له‌ ئێواره‌ی‌ رۆژی‌ 11 ی‌ شوباتیش له‌لایه‌ن عومه‌ر سوله‌یمانی‌ جێگری‌ سه‌رۆكه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ ره‌سمی‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ موباره‌ك راگه‌یه‌ندرا. هه‌ر له‌و رۆژه‌شدا موباره‌ك و خێزانه‌كه‌ی‌ كۆشكی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ میسریان له‌ شاری‌ قاهیره‌ به‌ره‌و ناوچه‌ی‌ شه‌ره‌مه‌شێخ جێهێشت و دوای‌ مانه‌وه‌شی‌ بۆ ماوه‌ی‌ 29 ساڵ له‌ پۆستی‌ سه‌رۆكایه‌تیدا، موباره‌ك كه‌ چواره‌م سه‌رۆكی‌ میسره‌، بوو به‌ یه‌كه‌م سه‌رۆك كه‌ بۆ ئه‌و ماوه‌ زۆره‌ له‌ پۆستی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ میسردا بمێنێته‌وه‌.


12/07/2012
  • کوردستان
  • عێراق
  • جیهان
ڤیدیۆ...كاتژمێره‌ زیره‌كه‌كه‌ی‌ گۆگڵ
Saturday, April 20, 2013
هه‌واڵی زیاتر
دوو مانگ دوای‌ مردنه‌كه‌ی‌ ته‌رمی‌ پاشای‌ كه‌مبودیا له‌ ڕێوره‌سمێكی‌ تایبه‌تدا سوتێنرا
Tuesday, February 5, 2013
هه‌واڵی زیاتر
كینگداو هایوان...درێژترین پردی‌ ئاوی‌ له‌ جیهاندا
Tuesday, April 16, 2013
هه‌واڵی زیاتر
KNN Frequencies: Nilesat: 10892 H 3/4 S.R = 27500       Hotbird: 12380 V 27500