دوای 18 رۆژ ماندێلا نه‌خۆشخانه‌ی به‌جێهێشت
نیلسۆن ماندێلا سیمبولی خه‌باتی دژه ئاپارتاید دوای 18 رۆژ مانه‌وه نه‌خۆشخانه‌ی به‌جێهێشت. نوسینگه‌ی جاكوب زۆما سه‌رۆكی باشووری ئه‌فریقا له به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاشكرای كرد، له ئێستادا نێلسۆن ماندێلای ته‌مه‌ن 94 ساڵ باری ته‌ندروستی باش بووه و نه‌خۆشخانه‌ی به‌جێهێشتووه و له ماڵه‌كه‌ی خۆیدا له ژووهانسبۆرگ له ژێر چاودێری پزیشكدا ده‌بێت و درێژه به به‌كارهێنانی ده‌رمانه‌كانی ده‌دات. ماندێلا 18 رۆژ پێش ئێستا به‌هۆی هه‌وكردنی ریخۆڵه‌كانی و نه‌خۆشی ئازارێكی زۆر له زراویدا ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌كراو له‌و ماوه‌یه‌دا نه‌شته‌رگری ده‌رهێنانی به‌ردی زراوی بۆ ئه‌نجامدراوه. نیلسۆن ماندێلا كه یه‌كێك له گه‌وره‌ترین كه‌سایه‌تیه‌كانی سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك داده‌نرێت‌و یه‌كه‌مین سه‌رۆكی ره‌شپێسته له باشووری ئه‌فریقا له دوای ئازاد بوونیه‌وه له زیندان به به‌رده‌وامی تووشی نه‌خۆشی جۆراوجۆر بووه له‌وانه نه‌خۆشی سیل، له ماوه‌ی 2 ساڵی رابردووش‌دا 3 جار ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه كراوه.