KNNC
ره‌وتی سه‌در داوا له نوری مالكی ده‌كات به‌خۆیدا بچێته‌وه‌و وه‌ك فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كان مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسیه‌كان نه‌كات، راشیده‌گه‌یه‌نێت له ده‌نگدانی تایبه‌تدا سه‌رپێچی له‌به‌رژه‌وه‌ندی لیسته‌كه‌ی مالكیدا كراوه.
سه‌لاَح عوبه‌یدی- وته‌بێژی ره‌وتی سه‌در له لێدوانێكدا رایگه‌یاند: زمانی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كان كه مالكی له‌گه‌ڵ كوتله سیاسیه‌كان و وه‌زیر و په‌رله‌مانتاران به‌كارده‌هێنێت ره‌تكرایه‌وه‌و ته‌نها به‌سه‌ر وه‌زاره‌ته‌كانی ناوخۆ و به‌رگریدا جێبه‌جێده‌بێت.
عوبه‌یدی رونیشیكرده‌وه، مالكی له چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی‌دا وه‌كو كه‌سێكی مه‌ده‌نی سه‌رۆك وه‌زیرانه‌و كوتله سیاسیه‌كان ده‌توانن به پێی ده‌ستور لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ن.
وته‌بێژی ره‌وتی سه‌در، به‌كارهێنانی زمانی فه‌رمانكردنی سه‌ربازی له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسی و حكومیه‌كان به هه‌ڵه ناوده‌بات و داواشی لێده‌كات به‌خۆیدا بچێته‌وه.
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه نوری مالكی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی عێراقیه هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌ڵدانه‌وه‌ی مه‌له‌فی ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتارو به‌رپرسی كرد گه‌ر بێت و بچێته په‌رله‌مان.